هەواڵی خەم

ئەنوەرخان سوڵتانپەنا

گەردەلوولی هەواڵێكی ژان و ماتەم

لە ڕۆژئاوا بەرەو زێدی فرمێسك و خەم

دەشت و دۆڵ و هەردی بڕی

كە گەیشتە سەر یەكەمین لووتكە شاخی ناوچەی دێرسیم

 

سەدان گوڵی پارێزەری شان و شەرەف

لە شەپۆلی چۆمی مونزوور

مونزووری نامۆی خۆرەتاو

ئەستێرەی گەش تێیدا خنكاو

چاوی خەمناكیان هەڵبری

مونزوور گوتی:

گەردەلوولی هەواڵی خەم

پەیام هێنی پرسە و ماتەم

لەسەر گۆڕی عەلیشێر و سەید ڕەزا ئیستێ بگرە و باڵی هەواڵ لە

خوێن وەردە

كە گەیشتیە چیای قەندیل

هۆبەی پرسەی چارەی ڕەشم

لەگەڵ كسپەی كۆستێ تازەی هەر چوار پارچەی كوردستانی مەینەت بەشم

لەداوێنی قەندیل هەڵدە.

گەردەلوولی باڵا ڕەشپۆش

خەم داگرتووی دەروون پەرۆش

پێش تاریك بوونی ئێوارە

خۆی گەیاندە دیاربەكر

شاری شەهید، شاری فواد و شێخ سەعید

شاری پیلان و سێدارە

دیاربەكر هاواری كرد:

گەردەلوولی دەردو ماتەم!

منیش لێرە چەندین ساڵە

پسپۆرانی زوڵم و ستەم

گوڵی سووریان پێ پەست كردووم

ئازادییان بەربەست كردووم

خۆریان كوشتووم

خوێنی ئەستێرەیان ڕشتووم

پیرەداری گۆرەپانم چەندین ساڵە

دایكێكی ڕۆڵە كوژراوە

شنەی شادیی لێ تۆراوە

چونكە باڵای ڕۆڵەكانی

بە پەلكەی خۆی هەڵواسراوە

با ئەو دارە بە ئازارە داری ئاڵای كۆتەلی سووری سەركردەی

كوردستانی مەینەتبار بێ

ئەو ئاڵایە لەسەر لووتكەی چیای قەندیل وەها هەڵدە با بەرزان و

سلێمانی و ڕەواندز و شاری بۆتانی لێ دیار بێ.

گەردەلوولی هەواڵی خەم هەر دەهات و ڕێگای ئەبری

هەر ئەو ڕۆژە ئەو ئێوارە خۆی گەیاندە چیای ئاگری

ئاگری گوتی: هەواڵی خەم!

نامەی پرسەم لە دەروونی برینداری بە خوێنی سوور گوڵگوڵمەوە

لە یاتاغگەی ڕەوەی بەوری ئارام گرتووی نێو دەرونی بە كوڵمەوە

لەگەڵ بارگەی ئێشی سەخت و دەردی سەریم

بۆ هەوارگەی قەندیل یەرە

با منیش وەك هەموو شاخ و بەندەنێكی ئەم وڵاتە

لەنێو جەرگەی خەمبارانا

بۆ كۆستی نوێی كوردستانی بەشكراوم

بە كوڵ بگریم، بە دڵ بگریم

ئێوارە بوو!

یەشتا شەمزین چەتری شەوی لەسەر سەری هەڵ نەدابوو

چاوی مەستی گوڵە هێرۆی ناوچەی خەمباری هەكاری نێشەی خەوی

تێ نەزابوو

ئێوارە بوو!

بە خوێنی خۆر، تازە سوور بووی لێوی ئاسۆ

هەواڵی خەم بە واژباڵی لای دا گەردی سەر گۆری پیرۆزی سمكۆ

ئێوارە بوو!

یەشتا تەرمی زەردی هەتاو بۆ گۆرستانی شەو نەبرابوو

تاك و تەراك شەمی كزی ئەستێرەكان لە ترۆپكی لەندی شێخان

هەڵ نەكرابوو

دەستی لاوازی دوا گزینگ بسكی بەژنی تاقەداری مەهابادی بەر

نەدابوو

ئەم هەواڵە بەئازارە

 

لە ماكۆوە تا بێستوون و داڵاهۆ

زامی كۆنی چوار نیكاڵی كوردستانی هێنایە سۆ

منیش لێرە لە شاری یازدە ئەستێرە

ویستم هەموو ئاسمانی شین

وەكوو دەسرەی ئازیەتی و شین

بدەم بەسەر بووكی خەما

ویستم ئەوەی باخی سەوز و كێڵگە و كانین

بتاسێنم لە دووكەل و تۆزو تەما

ویستم ئاوی زرێبار و وان و ورمێ

لەچاوی تاقە دێرێكی شێعری خەفەت دا بڕێژم

ویستم لە وەرزی بەهارا

تەرمی هەموو گوڵاڵەكان

نیگای گەرمی گشت نێرگزە چاو كاڵەكان

لە گۆرستانی پەژارە بەدەستی بولبول بنێژم

ویستم باسی تینی تیشك و ڕەنگی هەتاو

لە دەروونی تەم داگرتووی بێ ئۆقرەمدا بخنكێنم

لەنێو دڵی دڵدارانی شاخەوانی و نەترسیدا

گەردە لوولی تەم گرتوو بم

دەنگی هۆرە و لاوك و قەتار دامركێنم

رەوتی مێژوو بوەستێنم

لەدڵما بوو لەمەولاوە

دەستی وشەی ئازیەتباری لەبەر ئەژنۆی هۆنراوەكان گرێ دەم

و شێعرم شێعری داماوی بێ

لەسەر لێوی دڵنیای

دوا ترووسكەی هیوای پیرۆز بەر داهاتوو بخنكێنم و بەستەكانم

هەموو بەستەی خەماوی بێ

بەڵام دیتم لە نەكاوێ

ئەستێرەیەك بە ئاسمانی كوردستانا ڕاست ڕاخوشا

گەش و ڕووناك لێم بوو بە گیانی پێشەوا

ئەستێرەی گەش پێش ئاوابوون لە زەردەكۆ وا هاتە گۆ:

بۆ ئاوات و ئامۆژگاریی مامۆستای ژیرتان لەبیر چوو

چما نەیگوت:

پاداشتی شیاو بۆ شەهید

نە فرمێسك و دەستە وەستان و گریانە

ئەوەی ئەوانی پی شاد بێ

درێژەدان بە ڕێبیر و ڕێگایانە

بۆ نازانن

 

برینی سینەی سەركردە میداڵیای سەركەوتنە

رەمز و ڕازی خونچەی هیوا پشكوتنە

چونكە بەپێی یاسای سروشت

داری ئازادی و سەربەستیش

وەكوو هەموو دارێ بەری دوای گوڵ پشكوان میوە ئەگرێ

دڵنیا بن كوچی دوایی سەرداری گەل

هەر بە تەنیا كۆچی لەشە

ئاوێنەی ڕوونی ڕێبیر و ڕێنوێنی زانایانەی

لە ئێستاوە تا هەتایە

لە لاپەڕەی مێژوومان و خەبات لەرێی ڕزگاریدا زیاتر گەشە

دەنگی دلێری پێشەوا لە چوار نكاڵی كوردستان

رچەی سامی بۆ شكاندین

تێكی داوی دژدامان و دەستەوەستانیی پساندین

بۆیە دیتم بە هەزاران پڵنگ و شێر

لە بێشەڵان و دارستان

دەستە دەستە هەڵۆی سووری باڵ خوێناوی

لەسەر لووتكەی چیا و كوێستان

رق و قینیان دەردەبری

زەرد و شاخی پارێزەری كوردستانیش

بەرز و سەركەش ڕاوەستابوون

پڕ بە دڵی ئەشكەوتەكان

سروودی هەر مانیان ئەچری

بەم ئاوایە ئۆگرانی سەرفرازیی نیشتمانم

پەیمانیان تازە كردەوە

وەك ڕابردوو ڕێبواری ڕێی شەهیدان و كێوی ورە و بێ باكی بن

وەكو قەندیل وەكو ئارێز و پەرەژاڵ چاوەروانی دەركەوتنی

گەردەلوولی ڕووناكی بن

منیش لێرە لە شاری یازدە ئەستێرە بەڵێن بەڵێن

هەموو كات و سامە ساتێك

لە هەڵدێر و هەورازە ڕێ

لە ئاستەنگ و نەهاتە سال

بەرگێڕەوەی گورزی دەستی كارەسات بم

شانی شێعرم لەژێر باری دژدامانا نەوی نەبێ و

بەرەو ڕووگەی سەرفەرازی سەر لە پێناوی وڵات بم

 

RSS
YouTube
Telegram