ئەندێشەی قاسملوو چرای ڕووناکیدەری ڕێگامانە

ئاسۆ مێنبەری

لە ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵدا، ٣٣ ساڵ بە سەر تێرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی ئەوکاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا تێدەپەڕێت.

دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو هاوڕێ لەگەڵ هاوڕێی تێکۆشەر کاک عەبدوڵلای قادری ئازەر، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات و دوکتور فازڵ ڕەسووڵ، لە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاویدا و لە کاتێکدا کە بۆ چارسەری ئاشتییانەی پرسی کورد چووبوونە ڤییەنی پێتەختی ئۆتریش تاکوو لەگەڵ بەناو نوێنەرانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران وتووێژ بکەن، لە کردەوەیەکی ناجوامێرانەدا و بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی دژەگەلیی ئاخوندی، لە سەر مێزی وتووێژ تێرۆر کران.

دوکتور قاسملوو ئەو ڕێبەرە بلیمەتە بوو کە کۆماری ئیسلامی لێی دەترسا، هەر لە کاتی هاتنەسەرکاری ڕێژیمەوە و لە بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆمەکەی خاکەلێوەی ٥٨ەوە، ئەوە دوکتور قاسملوو بوو کە بە ڕوونی هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بەم ڕێژیمە نیشان دا و داوای بایکۆتکردنی ڕێفراندۆمی لە کوردستان کرد، چونکە بە بڕوای قاسملوو هێشتا چییەتیی ئەو ڕێژیمەی کە تازە هاتبووە سەر کار دیار نەبوو، بۆیە پێی وابوو ئەسپاردنی داهاتوو بە دەستی ڕێژیمێک کە هیچ شتێک لە ناوەڕۆک و ئامانجەکەی ڕوون نەبوو کارێکی نادرووست و نالۆژیکی بوو.

خەباتی نەتەوایەتیی کوردیش بە ڕێبەرایەتیی دوکتور قاسملوو لە کوردستان ببووە چقڵی چاوی نەیاران و ڕێژیمی ئاخوندی هەر لە سەرەتاوە ئاگری شەڕی لە کوردستان هەڵگیرساندبوو.

جیهانبینی، تێگەیشتوویی، ئاوەز و هزری بەرینی قاسملوو وای کردبوو کە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم بە هۆیەوە هەست بە لەرزۆکبوونی دەسەڵاتی خۆیان بکەن، بۆیە لە هەر دەرفەت و هەلومەرجێکدا هەوڵیان دەدا تاکوو خەبات لە کوردستان بەچۆکدا بێنن و ئەم ڕێبەرە بلیمەتە لە خەڵکەکەی دابڕن، بەڵام هیچ هەوڵ و تێکۆشانێکیان نەیتوانی لەم ئاواتە نگریسە نزیکیان بکاتەوە. ڕاستە کە بە تێرۆری فیزیکیی ڕێبەری گەل، دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو توانییان زەبرێکی گەورە لە خەباتی نەتەوایەتیی ئێمەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدەن بەڵام بێگومان هیچکات نەیانتوانی و ناتوانن بیر و ئەندێشەی قاسملووی ڕێبەر لە مێشکی کوردستانیاندا بسڕنەوە.

دوکتور قاسملوو ڕێبەرێکی کاریزماتیک، خوێندەوار، بلیمەت و ئازا بوو، لە ئورووپا دیپلۆماتێکی بە تەواوی مانا بوو، لە کوردستان ڕێبەرێکی بێوێنە بوو کە لە سەنگەری بەرخوداندا لەگەڵ پێشمەرگە دەحەسایەوە و بە بزەی سەر لێوی هیوا بە دوای ڕۆژی ڕووناکی دەخستە دڵی هەر تێکۆشەرێکی ئەم ئاو و خاکەوە.

دوکتور قاسملوو، ڕێبەرێک نەبوو کە تەنیا لە چوارچێوەی جوگرافیای وڵاتەکەی خۆیدا ناسرابێ، قاسملوو بوو کە دۆزی ڕەوای کوردی بە نێونەتەوەیی کرد و بوو بە پردی پێوەندیی نێوان گەلی کورد و وڵاتانی ئورووپایی و کەسایەتییە جیهانییەکان، بێگومان ئەگەر قاسملوو نەبایە ئێستاشی لەگەڵ بێ زۆر کەس نەیاندەزانی پرسی کورد چییە!

دوکتور قاسملوو ڕێبەرێکی کاریزماتیک، خوێندەوار، بلیمەت و ئازا بوو، لە ئورووپا دیپلۆماتێکی بە تەواوی مانا بوو، لە کوردستان ڕێبەرێکی بێوێنە بوو کە لە سەنگەری بەرخوداندا لەگەڵ پێشمەرگە دەحەسایەوە و بە بزەی سەر لێوی هیوا بە دوای ڕۆژی ڕووناکی دەخستە دڵی هەر تێکۆشەرێکی ئەم ئاو و خاکەوە.

ئەوەی کە پێویستە وەکوو کەتوارێکی گرینگ ئاماژەی پێ بکرێت ئەمەیە کە پاش ٣٣ ساڵ لە تێرۆری قاسملووی نەمر، ئێستاش هەر لە دڵی ڕێبوارانی ڕێگا پڕ سەرەوەرییەکەیدا دەژیت و قاسملوو هەر زیندووە!

ڕێبازی قاسملوو هەوێنی بەردەوامی گەلێکە لە خەبات و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکانیان.

ئەگەرچی ڕێژیمی ئیسلامیی پێی وابوو بە تێرۆرکردنی ئەم مەزنەڕێبەرە دەتوانێ خەباتی گەلی کورد تووشی داڕمان بکات، بەڵام بەپێچەوانە، هزر و ئەندێشەی قاسملوو ئێستاش چرای ڕووناکیدەری ڕێگای ڕێبوارانییەتی.

پاش زیاتر لە سێ دەیە لە شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو، نەوەیەک جڵەوی خەباتەکەیان بە دەستەوە گرتووە کە لە نیزیکەوە قاسملوویان نەبینیوە، بەڵام ئەندێشە و ڕێبازی قاسملوویان کردووەتە چراوگی خەباتەکەیان و بە درێژەدانی ڕێگاکەی وتە بەنرخەکەی خۆی بەجێ دێنن کە دەفەرمێ: “گەلێک ئازادی بوێ، دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدا”.

قاسملوو ئەمڕۆ لە ماڵی هەر کوردێکی ئەم نیشتمانەدا جوانترین تابلۆی ژیانە، بەنرخترین کتێبی کتێبخانەیە، جوانترین سروودێکە کە منداڵان دەیڵێنەوە، ئازیزترین ڕێبەرە کە ڕێگاکەی بێ ڕێبوار نا‌هێڵنەوە، بۆیە ئەوەی کە پێی وابوو بە شەهیدکردنی قاسملوو، خەباتەکە دەوەستێنێ، ئەمڕۆ دەبینێ کە پۆل پۆل کیژان و کوڕانی ئەم نیشتمانە، بە فێربوون لە وانەی خۆنەویستی و ئازایەتیی قاسملووی ڕێبەرە کە پێ دەنێنە نێو گۆڕەپانی خەباتەوە و پێش هەموو کەسێک بەڵێن لەگەڵ ئەم ڕێبەرە مەزنە دووپات دەکەنەوە.

تا لاوێکی ئەم نیشتمانە مابێ و چەکی پارێزگاری لە خاک و نیشتمان لە شان بکات، تا ئەو کاتەی منداڵی ئەم گەلە، سروودی قاسملوو ئەی وانەبێژی سەرچیاکانی وەتەن بڵێتەوە، تا کاتێک کە وێنەی قاسملوو جوانترین و بەنرخترین وێنەی نێو ماڵی کوردان بێت، قاسملوو زیندووە و ڕێبازەکەشی بەردەوامە.

٢٢ی پووشپەڕی هەموو ساڵێک، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی کە تێکۆشەرانی ڕێبازی کوردایەتی بەڵێن لەگەڵ شەهیدان و بەتایبەتیش شەهیدانی ڤییەن نوێ بکەنەوە کە تا گەیشتن بەو ئامانجانەی کە ئەوان لە پێناویدا گیانیان بەخت کرد لە تێکۆشان و خەبات نەوەستن.

قاسملوو لە دڵی هەر کوردێکدا زیندوویە چونکە ڕێبوارانی ڕێگاکەی سوورن لە سەر باوەڕەکانی، بێگومان تاکوو بیر و هزری قاسملوو هەبێ، ئەم کوردستانە خەباتکاری لێ نابڕێت و درێژە بە ڕێبازی پەیغەمبەری ئاشتی دەدەن.

 

RSS
YouTube
Telegram