قاسملوو، رێبەرێک بۆ هەموو وەرزەکانی خەبات

کاوە بەهرامی

د.قاسملووی رێبەرمان لە وەڵامی هۆکاری پەنابردن بۆ شەڕی پارتیزانی دا دەفەرموێ “کاتێک لە وڵاتێکدا سەرەرۆیی دەسەڵاتدار بێ، ئازاییەکان پێشێل بکرێن و مافە ئینسانیەکان بایەخیان بۆ دانەنرێ، خەڵکی ئەوینداری رزگاری و عەداڵەت چونکە بەهۆی بێ هێزیەوە ناتوانن راپەڕینێکی تێکڕایی یان شۆڕشێکی گشتی بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ناوەندی وەڕێ بخەن، رێگایەکی دیکەیان، بێجگە لە پەنابردن بۆ شەڕی پارتیزانی نیە.” (دوکتور قاسملوو، رێبەرێکی مۆدێڕن و شۆڕشگێڕێکی دێموکرات، ل٨٨).

لە ساڵوەگەڕی تیرۆری د.قاسملوو، رێبەری شۆڕشگێڕ و زیندە یاد دا ئەم تێڕوانینە بە بایەخەی د.قاسملوو وەبیر هەموو ئازادی خوازان دێنمەوە بە لەبەرچاوگرتنی تێپەڕینی دەیان ساڵ بەسەر دەربڕینی ئەم بۆچونەداو هاتنە ئارای ئاڵوگۆڕێکی زۆری ناوچەیی و هاوسەنگی هێز. بەڵام بایەخ و کرداری بوونی بۆچوونی شەڕی پارتیزانی هێشتا لە جێگەی خۆیدا بەهێز و یەکەمین بژاردەیە.

بە تێروانینێکی واقێع بینانە بۆ دۆخی هەنووکەی ئێران و دەرەتانی گەلانی ماف خوراو لە ئێرانی هەنووکەیدا ئەو راستیەمان بۆ دەردەەکەوێ کە تا ئەم ساتەش بە هیچ شێوەێک خەباتێکی مەدەنی کە بتوانێ گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی لە ئێراندا پێک بهێنێ ناتوانێ وەک دەرفەت و هەلێکی بەهێز بۆ قۆستنەوە لە روانگەی شۆڕشگێرانەوە چاو لێبکرێت.

میلیتاریزەکردنی سەرجەم شار و گوند و شوێنەکانی نیشتەجێبوون تەنانەت سروشتیش لە لایەن هێزە نیزامیەکانی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت سپای پاسداران، بۆ پارێزگاری کردن لە مانەوەی دەسەڵاتی ئاخوندی و سەرەرۆی رێژیم، سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە گەلانی ئێران دەرەتانی ژیان و دەربرینی بۆچوون و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئازادیەکانین لە رێگای مەدەنییەوە لێ زەوت کراوە.

نارەزایەتیەکانی ساڵانی رابردوو کە زۆرجار پەلی دەکێشا بۆ بەشداری هەزاران کەسی یان دەیان شاری گەورە، نارەزایەتی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا و دەیان مانگرت و هەڵوێستی مەدەنیانە کە سەرجەمیان بە زەبری هێز و گرتن و کوشتن و هەڕەشەی خاپورکردنی شوێنە گشتیەکان پاش بەرخۆدانێکی زۆری جەماوەری سەرکوتکران.

کاتێک لە وڵاتێکدا سەرەرۆیی دەسەڵاتدار بێ، ئازاییەکان پێشێل بکرێن و مافە ئینسانیەکان بایەخیان بۆ دانەنرێ رێگایەکی دیکە بێجگە لە پەنابردن بۆ شەڕی پارتیزانی نیە

هەربۆیە باشترین رێگا بۆ رزگاری و بەرەنگار بوونەوەی رێژیمی سەرەرۆ و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی پێک هێنانی خەباتێکی هەمەلایەنەی چەکداریە، کە ئەویش پێویستی بە هاوکاری و هاوئاهەنگی گەلانی ئێرانە کە بە شێوەیێکی رێکخراو بتوانێ لە بەرانبەر دەسترێژی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم، خۆراگر و پێشڕەو بێت.

بە خۆشیەوە گەلی کورد لە رێگای حیزبە سیاسیەکانەوە کیانێکی رێکخراوی بەهێزی سیاسی و نیزامی هەیە، بە پاڵپشتی میللەتەکەی و بەهێز کردنی ئەو کیانە لە لایەن خەڵکەوەو بەشداری و پەیوەستبوون بە ریزەکانی دەتوانێ ببێت بە هێزێکی شوێندانەر لە داهاتووی گۆرانکاریەکان.

رەنگە ئەم بۆچوونە لای خەڵکانێک پەسەند نەبێت، بەڵام بە دروستبوونی یەکگرتوویی هێزە کوردیەکان وێڕای پێکهێنانی کۆدەنگیەکی گشتی گەلانی ئێران هێشتا تاکە رێگای گەیشتن بە ئازادی و مافە ئینسانیەکانمانە.

لە ساڵوەگەڕی تیرۆرکرانی د.قاسملووی رێبەر و هاوڕێیانی سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاکیان، وێڕای پەیمان نوێکردنەوەو بەڵێنی درێژەدانی رێگایان، ئەندێشەکانی دوکتور قاسملوو ئێستاش رووناکی بەخشی رێگای پڕدژواری خەباتمانن.

 

 

RSS
YouTube
Telegram